به‌رز و به‌ریزه‌ یادی ئازیز و هه‌میشه‌ زیندووی، هاورێ ئه‌رسه‌لانی خورده‌بینان، پێشمه‌رگه‌ی فیداكار و شۆرشگێری كۆمه‌ڵه‌

 

هاورێ ئه‌رسه‌لان ساڵی ١٣٤٢ی هه‌تاوی له‌ نێو بنه‌ماڵه‌یه‌كی زه‌حمه‌تكێشی شاری سنه‌ چاوی به‌ژین هه‌ڵێنا.

له‌ ده‌ورانی منداڵی ئه‌م خۆشه‌ویسته‌دا، بنه‌ماڵه‌كه‌ی به‌ره‌و شاری مه‌ریوان روێشتن و ژیانیان له‌وێ به‌سه‌ر برد. ئه‌رسه‌لانی ئازیز خوێندنی ده‌ورانی ئێبتدایی و ده‌بیرستانی له‌ مه‌ریوان دریژه‌ پێدا و هاوێنان كرێكاری ده‌كرد و یارمه‌تی بنه‌ماڵه‌كه‌یانی ده‌دا.

ده‌ریانی خرۆشانی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی ئێران له‌ ساڵی ٥٧دا به‌ هه‌زاران لاوی دڵسۆز و ئازادیخوازی هێنایه‌ مه‌یدانی تێكۆشان و خه‌باتی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌وه‌، هاورێ ئه‌رسه‌لان یه‌كێك له‌و لاوه‌ وشیارانه‌ بوو كه‌ خۆی له‌ به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵگادا به‌ به‌رپرس ده‌زانی.

پاش راپه‌رین و له‌ جه‌وفه‌زای سیاسی شاری مه‌ریواندا كه‌ لێوالێوی پشتیوانی له‌ كۆمه‌ڵه‌ بوو به‌ ریزه‌كانی ئه‌م ته‌شكیلاته‌وه‌ په‌یوه‌ست بوو. هاورێ ئه‌رسه‌لان له‌ جه‌ریانی كۆچی مێژوویی خه‌ڵكی مه‌ریوان كه‌ له‌ دژی حوزووری پاسداران وه‌رێ كه‌وا، ده‌ورێكی هه‌ڵسووراو و به‌رچاوی هه‌بوو.

به‌ هێرشی رژیم بۆ سه‌ر كوردستان له‌ سه‌نگه‌ری خۆراگری خه‌ڵك چالاكانه‌ به‌شداری كرد و پاش گه‌رانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ بۆ نێو شاره‌كان له‌ یه‌كێك له‌ بنكه‌كانی شاری مه‌ریوان بۆ راپه‌راندنی ئه‌رك و ژیانی رۆژانه‌ی خه‌ڵك ده‌ستی به‌ هه‌ڵسووران كرد.

كاتی هێرشی دووباره‌ی رژیم بۆسه‌ر شاری مه‌ریوان له‌ ریزی پێشمه‌رگه‌كانی كۆمه‌ڵه‌دا ماندووی نه‌ناسان له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌م هێرشه‌ راوه‌ستا.

له‌ ریزی هاورێیانی پێشمه‌رگه‌دا سه‌ره‌رای به‌ڕێوه‌بردنی ده‌ڵسۆزانه‌ی ئه‌رك و كاره‌ پێسپێردراوه‌كانی، به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵی بردنه‌ سه‌ره‌وه‌ی ئاستی وشیاری سیاسی خۆی و هاورێیانیدا بوو له‌ هه‌ر ده‌رفه‌تێك بۆ ته‌بلێغی سیاسه‌ت و ئامانجه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ له‌ ناو خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێشدا كه‌ڵكی وه‌رده‌گرت.

له‌به‌ر هه‌ست به‌ مه‌سئولیه‌ت كردن و جیدیه‌تی له‌ به‌ڕێوه‌ بردنی ئه‌ركه‌كانیدا، به‌رپرسایه‌تی نیزامی ده‌سته‌یه‌ك له‌ هاورێیانی پێشمه‌رگه‌ی پێسپێردرا.

شه‌وی ٥ی جۆزه‌ردانی ١٣٦٢ له‌گه‌ڵ تیمی پێشره‌وی بۆسه‌ر سه‌نگه‌ره‌كانی دوژمن له‌ ئاوایی قه‌مچیانی مه‌ریوان له‌ كاتێكدا فه‌رمانده‌یی ده‌سته‌ی پێشره‌وی وه‌ئه‌ستۆ بوو و له‌ كاتێكدا كه‌ سه‌نگه‌ره‌كه‌یان به‌ دوژمن چۆڵ كرد، هاورێ ئه‌رسه‌لانی خورده‌بینان پێشمه‌رگه‌ی وشیار و فیداكاری كۆمه‌ڵه‌، كه‌وته‌ به‌ر گولله‌ی دوژمن و گیانی له‌ رێگای به‌رابه‌ری و ژیانی ئاسووده‌ بۆ هه‌مووان به‌خت كرد.

بژی یادی ئازیز و هه‌میشه‌ زیندووی.